شاعیر: حافزی مەهابادی
کتێب: دیاری مەهاباد
سەرناو: لە زەوی بۆت بێ، یا لە حەواوە
لەبارەی شیعر: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی - دیاری مەهاباد، چاپی سێیەم، ساڵی١٣٨٦، لاپەڕە ٥٥.

لە زەوی بۆت بێ، یا لە حەواوە
قەت دەستی کەڕەم مەگێرە دواوە

نەقڵە لە پیاوی شیرین گفت و لفت 
قازیی مەراغەش دەخوا ماڵی مفت

وایان فەرمووە زانایانی زوو
زۆر درەنگ هەیە باشترە لە زوو

کێ گورج و خێرا تەماحی تێر بوو؟ 
شەیتان پەلەی کرد چاوێکی کوێر بوو

ئەگەر شەڕ قوونی لە دەرکت ناوە
بیکە، خوا بە تۆ یا بەوی داوە

دەست مەپارێزە لە وشک و لە تەڕ
دەڵێن هەر یەکە شەڕ و نیوەشەڕ

ڕێژنە بارانە یا ڕەشەبایە 
هەر عومری بەفر بە بای فەنایە

ئەگەر ڕەمەزان یا شەشەکانە
تازە بەشی من ژەم و دوو نانە

وتیان بە وشتر بۆچی داماوی؟ 
موژدە بێ خوا کوڕی پێ داوی